بازاڕی جیهانی خزمەتگوزارییەکانی کۆپیڕایتینگ(copywriting)، پێشتر و لە ساڵی ٢٠٢٣ دا (٢٥.٢٩) میلیارد دۆلاری ئەمریکی بوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە (٤٢.٢٢) میلیارد دۆلار ، بە پێی ڕاپۆرتێکی (Coherent Market Insights). بەڵام کۆپیڕایتینگ چییە؟ کۆپیڕایتینگ بریتییە لە نووسینی جۆراوجۆری ناوەڕۆک بە مەبەستی دروستکردنی داهات و هاندانی کڕیارە بۆ ئەنجامدانی کارێک. کۆپیڕایتینگی مارکێتینگ لایەنێکی گرنگی هەر ستراتیژییەکی مارکێتینگی ناوەڕۆکە، چونکە ئەو وشانەی لە ڕیکلامەکان، وێبسایت، سکریپتی فرۆشتن و، هەر شتێکدا بەکاردێن بۆ بانگەشەکردنی بەرهەمەکان، لە کۆتاییدا ئەوانەن کە خەڵک قایل دەکەن ببنە کڕیار. بۆ نموونە، دەتوانیت لە کۆپیرایتەرێکی پیشەیی سوود وەربگریت بۆ باشترکردنی دەقەکانی وێبسایتەکەت تاکو سەردانکەرانی وێبسایتەکە هان بدەیت بۆ کڕین یان تۆماربوون لە کەمپەینی مارکێتینگی ئیمەیڵەکانت. سەرەڕای ئەوەی دەتەوێت سەردانکەران چی بکەن، پێویستە بە وردی بیر لەو هەنگاوانە بکەیتەوە کە دەیانگەیەنێت بەو ئامانجە. کاتێک کۆپیڕایتینگ لەگەڵ تاکتیکەکانی تری مارکێتینگ بەکاربهێنرێت، دەتوانرێت بە شێوەیەکی هێواش قۆناغ بە قۆناغ کڕیار قایل بکەیت بە کڕینی بەرهەم یان خزمەتگوزارییەک. جۆری بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانت، هەروەها ئەو ئامانجانەی تیمی مارکێتینگەکەت دایدەنێت، دیاری دەکات چی جۆرە دەقێک دروست دەکەیت. بۆ نموونە، دەقی سۆشیال میدیا بۆ بانگەشەکردنی بەرهەمی (B2C فرۆشتن بۆ بەکارهێنەری ئاسایی) زۆرجار جیاواز دەبێت لە دەقی ناوەڕۆکی تایبەت بە (B2B فرۆشتن بۆ کۆمپانیاکان) کە بانگەشە بۆ بەرهەمە ئاڵۆزترەکان دەکات.
“نووسینی دەقی ڕیکلامی بۆ کەرتی B2B(بزنس بۆ بزنس)بەرامبەر B2C(بزنس بۆ بەکارهێنەر)“
کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە مارکێتینگ و نووسینی دەقی ڕیکلامیەوە هەیە، ستراتیژەکان لە نێوان ئەو کۆمپانیایانەی کە خزمەتگوزاری بە کۆمپانیاکانی تر دەفرۆشن (B2B) و ئەوانەی کە بەرهەمەکانیان ڕاستەوخۆ بە بەکارهێنەر دەفرۆشن (B2C) بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن، چونکە کڕیارە دەستنیشانکراوەکانیان جیاوازییەکی زۆریان هەیە. لە بەرهەمەکانی B2Cدا لەوانەیە شێوازی نووسینەکە کەسییتر بێت، چونکە بەگشتی بەکارهێنەران لە چاو کۆمپانیاکان زیاتر بە سۆز و عاتیفە ڕەفتار دەکەن. لەبەر ئەوە، دەکرێت دەقێک بڵاو بکەیتەوە کە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش بگێڕێتەوە یان تەکنیکەکانی نووسینی دەقی قەناعەتپێکەر بەکاربهێنێت بۆ بەئامانجگرتنی سۆزی کڕیار. خستنەڕوی ڕونی سوودە ڕاستەقینەکانی بەرهەمەکەت دەکرێت هاندەر بێت بۆ ڕازیکردنیان بە کڕین. لە جیهانی B2Bدا ئەگەری کڕینی دەستبەجێ و بێپلان (کڕینی لەناکاو) زۆر کەمترە. خولی فرۆشتن لەم کەرتەدا درێژخایەنترە چونکە چەندین لایەنی جیاواز و گۆڕاو لە پرۆسەکەدا بەشدارن، وەک پابەندبوون بە پرسە یاساییەکان و بوونی چەندین خاوەن پشک و بڕیاردەر. لەبەر ئەوە، پێویستە کڕیارە ئەگەرییەکان هەنگاو بە هەنگاو و بە شێوەیەکی پلە بە پلە بە ناو “هەنگاوەکانی فرۆشتن”دا بەرەو پێش ببەیت، ئەمەش بە بەکارهێنانی ستراتیژی ڕێکخراوتری نووسینی دەقی ڕیکلامی. لێرەدا خاڵی سەرەکی ئەوەیە بەو پێیەی کۆمپانیاکان بەگشتی لەسەر بنەمای سۆز و عاتیفە کڕین ناکەن، پێویستە دەقەکەت لەسەر وەسفی ورد، ڕاوبۆچوونی ڕوونی کڕیارانی پێشوو و پاراستنی زمانێکی فەرمی و پوختە نوسرابێت. هەروەها، بڵاوکراوە فەرمییەکان یان توێژینەوەی حاڵەتە وردەکان دەکرێت زۆر بەنرخ بن بۆگەشەی بزنسەکە.
“جۆرەکانی کۆپیڕایتینگ”
کۆپیڕایتینگ تاکە شێوازنییە کە بۆ هەموو بارودۆخێک بگونجێت. پلاتفۆرمە جیاوازەکان و ئامانجەکانی مارکێتینگی ناوەڕۆک، پێویستیان بە شێواز و ستراتیژی جیاوازی نووسین هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر لەگەڵ کڕیاری ئامانجدا پێوەندی ببەستن. چ دەتەوێت سەرنجی خەڵک لە سۆشیال میدیادا ڕابکێشیت، یان لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە کڕیاری شاراوە پەروەردە بکەیت، یاخود سەردانکەرانی ماڵپەڕەکەت بگۆڕیت بۆ کڕیاری ڕاستەقینە، هەر جۆرێکی کۆپیڕایتینگ خزمەت بە ئامانجێکی تایبەت دەکات لە کۆمەڵەی ئامرازەکانی مارکێتینگەکەتدا. تێگەیشتن لەم شێوازە جیاوازانە یارمەتیت دەدات شێوازی گونجاو هەڵبژێریت بۆ هەر ناوەڕۆکێک کە دروستی دەکەیت.
-تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
– ئیمەیڵ.
SEO -بۆ بزوێنەرەکانی گەڕان.
– بلۆگ.
– ماڵپەڕ.
– بەرهەم.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ یەکێک لە باوترین جۆرەکانی نووسینی دەق کە ڕەنگە بەکاری بهێنیت، نووسینی تایبەت بە سۆشیاڵ میدیایە. ڕۆژانە ملیۆنان کەس تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن و ئەو پۆستانەی بە تەکنیکی بەهێزی کۆپیڕایتینگ دادەڕێژرێن، دەتوانن کڕیارە شاراوەکانت بەرەو لاپەڕەکەت، ماڵپەڕ، بەرهەم، یان پۆستی بلۆگەکەت ئاڕاستە بکەن. نووسینی سۆشیاڵ میدیا پێویستە کورت و پوخت و سەرنجڕاکێش بێت، چونکە تۆ کێبڕکێ لەگەڵ شاشەگۆڕینی بێ پایان و ماوەی کورتی سەرنجدانی بەکارهێنەراندا دەکەیت. باشترین پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا ئەوانەن کە گفتوگۆ دروست دەکەن، زانیاری بەنرخ بەش دەکەن، یان چیرۆکێکی خێرا دەگێڕنەوە کە وا لە خەڵک بکات بیانەوێت کلیک بکەن، بڵاوی بکەنەوە، یان کۆمێنت بنووسن.
ئیمەیڵ؛ بە هەمان شێوە دەتوانیت کۆپیڕایتینگی ئیمەیڵ بەکاربهێنیت بۆ پاراستنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بازاڕی ئامانجتدا. بۆ نموونە، ڕەنگە کەمپینێکی مارکێتینگی ئیمەیڵ بەڕێوەببەیت کە پێکهاتووە لە زنجیرەیەک ئیمەیڵ کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەنێردرێن، و هەر یەکێکیان بە جۆرێک دیزاین کراون کە هانی وەرگر بدەن بۆ ئەنجامدانی کردارێکی دیاریکراو.
ئێس-ئی-ئۆ (SEO) ؛ کۆپیڕایتینگی SEO زۆر گرنگە بۆ گەشبینکردنی بزوێنەرەکانی گەڕان، لەوانەش SEOی ناو لاپەڕە (on-page SEO) و SEOی ناوخۆیی (local SEO). ئەم جۆرە ناوەڕۆکە بە تایبەتی بۆ بەرزکردنەوەی ڕیزبەندییەکەت لە ئەنجامەکانی گەڕاندا دیزاین کراوە. خەڵک کاتێک بەدوای بەرهەم و خزمەتگوزاریدا دەگەڕێن بزوێنەرەکانی گەڕان بەکاردەهێنن، و ئەو دەقانەی کە لەلایەن کۆپیڕایتەرە بەئەزموونەکانەوە گەشبین (Optimize) کراون، دەتوانن دەرکەوتنی بزنسەکەت زیاتر بکەن و کڕیاری شاراوەی زیاتر ڕابکێشن.
بلۆگ؛Blog نووسینی بلۆگ ڕێگایەکی نایابە بۆ بەشکردنی زانیاری فێرکاری لەگەڵ بەکارهێنەرانی ئامانجتدا. دروستکردنی بلۆگێکی سەرکەوتوو پێویستی بە بەرهەمهێنانی بەردەوامی ناوەڕۆکی کوالێتی بەرز هەیە کە توانا و متمانەی تۆ لەو بوارەدا بسەلمێنێت. سەرەڕای ئەوەش، دەتوانیت وناوەڕۆکی بلۆگەکە بۆ مەبەستی تر بەکاربهێنیت وەک بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی نووسینی ناوەڕۆک و هەروەها لە پلاتفۆرمەکانی تری سۆشیاڵ میدیا یان پۆدکاستەکاندا بەشیان بکەیت.
ماڵپەڕ؛ کۆپیڕایتینگی ماڵپەڕ بریتییە لە داڕشتنی لاپەڕە مارکێتینگییە زانیاریبەخشەکان کە ئەزموونی بەکارهێنەر باشتر دەکەن، سوودە ڕاستەقینەکانت بە ڕوونی دەگەیەنن، هەروەها لە ڕێگەی بزوێنەرەکانی گەڕانەوە هاتوچۆ بۆ ماڵپەڕەکە ڕادەکێشن. ڕەنگە پێویستت بە وەسفی ورد بێت بۆ لاپەڕەی سەرەکی، لاپەڕەی پرسیارە باوەکان و، چەندینی تر. گرنگە ناوەڕۆکەکەت هەم بۆ وێبگەڕەکانی کۆمپیوتەر و هەم بۆ ئامێره مۆبایلەکان گونجاو بکەیت بۆ ئەوەی دەستپێگەیشتنی بۆ هەموو بەکارهێنەران ئاسان بێ
بەرهەم، هەروەها ڕەنگە لاپەڕەی تایبەتت هەبێت بۆ هەر بەرهەم یان خزمەتگوزارییەک کە پێشکەشی دەکەیت، بەتایبەتی کاتێک مامەڵە لەگەڵ بەرهەمە ئاڵۆزەکاندا دەکەیت. لێرەدا، دەبێت بە وریاییەوە وەسفی وردی بەرهەمەکە بە زمانێکی قەناعەتپێکەر و لە هەمان کاتدا پرۆفیشناڵ بنووسیت.
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە کۆپیڕایتینگ یان نووسینی دەقی ڕیکلامی یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی مارکێتینگی سەردەم. ئەم هونەرە تەنها بریتی نییە لە نووسینی دەق، بەڵکو شێوازێکە بۆ دروستکردنی کاریگەری لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کڕیار. لە جیهانێکدا کە کێبڕکێی بازرگانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەو کۆمپانیا و براندانە سەرکەوتوو دەبن کە بتوانن بە زمانێکی ڕوون، قەناعەتپێکەر و سەرنجڕاکێش قسە لەگەڵ جەماوەرەکەیان بکەن. هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرە تا ئیمەیڵ، وێبسایت، بلۆگ و ناساندنی بەرهەمەکان، کۆپیڕایتینگ ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە دروستکردنی متمانە، زیادکردنی فرۆشتن و پتەوکردنی ناسنامەی براند. بۆیە فێربوون و بەکارهێنانی تەکنیکەکانی کۆپیڕایتینگ دەتوانێت یارمەتی هەر بزنسێک بدات بۆ گەیشتن بە ئامانجە بازرگانییەکانی، و هەروەها ببێتە هۆکاری سەرەکی بۆ سەرکەوتن لە بازاڕی دیجیتاڵی ئەمڕۆدا.



