رابردوو قەت نامرێ، ڕابردوو باشترین مامۆستای ژیانی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و پەروەردەیە؛ دیرۆکە کەونارییەکان بۆ ئەم سەردەمە بە کەڵکترین پەندە باوەکانن کە لە مژار دێن، گەورە پیاوان و ژنانی ناودار و خۆبەخش لە بواری جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی لە ئاست و بەستێنی پێکهێنانی ژیانێکی پڕ لە شانازی و سەربەرزی تا بووە بۆتە چیرۆک و بەسەرهات وەک بالورە و حەکایت و گۆرانی و بەیت، وێژراو و گێردراوەتەوە.
حەمە ڕەشیدخانی بانە کەسایەتێیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، شۆڕشگێرێکی بەناوبانگی سێ قۆناغی مێژووی کورد لە ناوچەی بانە، سقز و سەردەشت بووە، لە دوای داگیرکردنی ئێران لە لایان زلهێزانی ڕووسیا و بەریتانیا لە جەرگەی شەڕی دووەمی جیهانی، هەلێکی باشی بۆ ڕەخسا تاکوو تۆڵەی خۆی و زێدەکی لە زوڵم و زۆری حکوومەتی پەهلەوی ئەوەڵ(رەزاشا) دەرحەق خەڵکی بانە و دەورووبەری بسێنێتەوە. یەکەمین قۆناغ لە ژیانی شۆڕشگێڕی حەمە ڕەشیدخان ئازادکرنی ناوچەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بوو، دووەمین قۆناغ و بەرچاوترین ژیانی حەمە ڕەشیدخان پەیوەندی بە کۆماری مەهابادەوە بوو سێوەمین قۆناغی ژیانی ئازادیخوازانەی ئەم کەسایەتیە پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلول لە باشور (کوردستانی عیراق) وە هەیە.
لە راستیدا ژیانی پڕ لە هەستی ئازادیخوازانە و توانایی بێ وێنەی ئەم کەسایەتێیە بەناوبانگە کە زۆر جار بە هۆی هەڵەیەکی مێژوویی لەبەرچاو نەگیراوە (بۆ خەڵکی بانە لە حەمە ڕەشیدخان تەنیا سووتاندنی بانە لە مێشکا بوونی هەیە) کە لە راستیدا و بە باوەڕی من وانێیە.
بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستی منی نووسەری ئەم گوتارەیە جیا لە عەلاقەێک کە بە هۆی کەسایەتی ئازادیخوازانەی حەمەڕەشیدخان لەوسەردەمە پێم پەیا کردوە و هانیدام کە ئەم وتارە بنووسم، ناساندنی کتێبی بە ناوو نیشانی “حەمەڕەشیدخانی بانە” نووسراوەی دوکتور کەیوان ئازاد ئەنوەر لە بڵاوکەراوەکانی وەزارەتی ڕەوشنبیری هەرێمی کوردستانە بووە. ئەم کتێبە بە وردی و بە بەڵگەوە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی کەسایەتی حەمەڕەشیدخانی بانەی شیکردۆتەوە.
ئەوەڵین سەرهەڵدانی ژیانی شۆڕشگێڕانەی حەمە ڕەشید خان لە گوندەکانی شاری بانەوە دەسیپێکرد ئەوکاتەی کە خەڵکی هەژار لە ژێر گوشاریی زوڵم و زۆری ڕژیمی پەهلەوی ئەوەڵدا خەریک بوو ورد و خاش ئەبوون، ئەو سەردەمە کە ماڵیاتچییەکان و ژاندارمەکانی رژیمی زاڵمی پەهلەوی بە ئیشتیا و مەیلی خۆیان خەڵکی ئەو مەڵبەندەیان ئەچەوساندەوە، حەمە ڕەشید خان بەکزادەی گوندی دارۆخان بەم زوڵمە و زۆرە ڕازی نەبوو هەر بۆیە ناڕەزایەتی خۆی وەک حاکمی ئەو مەڵبەندە کە بریتی بوو لە حاکمییەتی گوندەکانی وێنە، دارۆخان، نەنۆر، کێلە و قوڵەستێر زۆر بە توندی دەربڕی. حەمە ڕەشیدخان هەر کە زانی زلهێزانی ڕووسیە و بریتانیا بۆ بەرگری و لەناوبردنی هوروژمەکەی ئەڵمانی نازی پێویستیان بە خاکی ئێران هەیە، هەر بۆیە ئێرانیان داگیر کرد و هەر ئەو هەلە باش و چاوەڕوان نەکراوەی بۆ ڕەخسا، یەک و دووی لێ نەکردو شاری بانەی گەمارۆ دا و بە چەند سەعات لە نیهادی ڕەشی ڕژیمی پەهلەوی بۆ ئەوەڵین جار پاک کردەوەو، بە باوەڕی ئەمن لەو کەین و بەینەدا ڕەنگە بۆ ئەوەڵین جار هەوێنی ئازادیخوازی لە شاری بانەوە دەستی پێکردو بووە بنەماێک بۆ کۆمارە مەزنەکەی مەهابات.
ئەو شۆڕشە مەزنەی حەمە ڕەشیدخان وەک بەگزادەێەکی گوندی دەستی پێکرد بە باوەڕی من هەوێنی بزووتنەوەێەکی زۆر بەرزی ورووژاندە شوناس و ناسیۆنالیستی کوردی. ئەگەرچی لەو سەردەمە 90% خەڵکی ئەو مەڵبەندە بێ سەواد بوون سەلماندنی ئەو دیرۆکە زۆر بە ئاسانی نەبوو.
ئەگەر بە باشی سەرنجی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە بدەین بۆمان دەرئەکەوێت ئەوەی کە حەمە ڕەشید خان وەک کەسایتییەکی شۆڕشگێڕ لە دژی ڕژیمی ڕەزاشا کردی زۆر شاز و بێوێنە بووە، لە سەردەمێکدا کە بەگوشاری لە ڕادەبەدەری ڕژیمی زاڵمی پەهلەوی لەمەڕ زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردی بە سەر خەڵکدا سەپاوە، سەرهەڵدانی کەسایەتییەکی وەک حەمەڕەشیدخان بە بێ لەبەرچاوگرتنی چاکە و خراپەکانی ژیانی شۆڕشگێرانەی، بەڕاستی بێ وێنە و نەمر بووە، زۆربەی خەڵکی شاری بانە بە هۆی نەبوونی کتێب و بەڵگەیەکی متمانە پێکراو لەمڕ ژیانی شۆڕشگێڕانە و شەڕکەرانەی حەمە ڕەشیدخان تەنیا سووتانی شاری بانەیان لە مێشک و بیریانا چەنددرا بوو، بەڵام لە ناوەڕۆکی ژیانی شۆرشگێڕانەی لەو سێ قۆناغەی کە باسم کرد هیچ زانیاری وردمان نەبوو هەر بۆیە هەر کەس بە گوێرەی بیستن و گێڕانەوەی لە دەمی ئەم و ئەو ژیانی ئەویان بڕیار و حوکمدان کردووە. بە تەواوی ئەم بیر و بۆچوونانەی کە تا ئێستا لە بارەی حەمە ڕەشید خانەوە و پێکهاتەکانی ژیانی شۆڕشگێڕانە و سیاسی بووەو و کراوە، کتێبەکەی دوکتۆرکەیوان ئازاد ئەنوەر زانیارییەکی زۆر باشمان لەو سەردەمە و کارەکانی حەمە ڕەشیدخان ئەخاتە بەردەست. ئەم نووسەرە زۆر بە باشی و بە بەڵگەوە تەواوی ژیانی ئەم کەسایەتییە بە وردی و جاری وایشە پشت گیرانە شی کردووەتەوە و داکۆکی لەسەرکردوە. لەم لایشەوە تەواوی ئەو کەسانەی و ئەو بەڵگانەی لە کتێبەکەدا هاتووە زۆر بە وردی بەناونیشانەوە هێناویەتی.
بە ڕاو و ڕاوێژی من بڕیاردانی ئێستای ئێمە لەمەڕ بەشێک لە پێکهاتەکانی شۆڕشی حمەرەشیدخان نە تەنیا کارێکی ئەستەمە بەڵکوو جاری وایشە چەواشەگەریە، وەک نموونە لە مەڕ سووتاندنی شاری بانە و مەبەست لەو کارە چی بووە؟ ڕووکەشانە چاوی لێبکەین بۆ ئەوەی شار نەکەوێتە دەستی حکوومەتی زاڵمی پەهلەوی، وەک دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش و زەنین لێکراو دێتە بەرچاو، بەڵام ڕەنگە زوڵم و زۆری حکوومەت وەهای لە دڵ و دەروونی حەمە ڕەشیدخان کردبێت کەوا هاندرابێت بەم کارە .
قۆناغی دووەمی ژیانی حەمە ڕەشیدخان کە وەک کەسایەتێیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕ لە کۆماری مەهاباد لە لایەن قازی محەمەدی نەمرەوە لێی گێڕدراوەتەوە تاکوو خاکی کوردان لە زوڵم و زۆری حکوومەتی پەهلەوی خاوێن کەنەوە، بە ڕاوڕاوێژی ئەز ئاوێنەی ڕوون و ڕەوشنی ژیانی حەمە ڕەشیدخان دەرئەخات. بە پێکهاتەکانی ژیانی قۆناغی ئەوەڵ، ئەم شاوشکۆیەی لە لایەن کۆماری مەهابات و کەسایەتی بەناوبانگەکەی،نەمرقازی محەمەدی پێ دراوە، بەڕاستی لەوەیش زۆر بە سەر بەرزی خزمەتی ئاواتەکانی خەڵکی کوردی کردووە.
بەباوەڕی ئەز قۆناغەی ئەوەڵی ژیانی شۆڕشگێڕانەی حەمە ڕەشیدخان و پێکهاتەکانی، ڕێخۆشکەر بوون بۆ خوڵقاندنی دیاردەیەکی هەرمانی کۆماری مەهاباد. ئەویش لەوە پێش باس و خواسی لێ کرا کە چۆن لە نەبوونی حکومەت و ژاندارم و دەرەجەداری زاڵم لە بانە هەلی باش بۆ حەمەڕەشید خان ڕەخسا کە بانە و سەقز و سەردەشتی زۆر بە ئاسانی گرتەوە.
دیسان لەم قۆناغەی ژیانی شۆڕشگێڕانە و سیاسیی حەمە ڕەشید خان زەن و گومانی تیایە، ئەویش بە ڕاوڕاوێژی من لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی دوکتۆر ئازاد ئەنوەر زۆر بە وردی باسی لێ کراوە، بەڕای ئەمن ئەگەڕێتەوە بۆ چوارچێوە و بیر و بۆچوونی ئەو کەسایەتییە لەمەڕ حکوومەتی زاڵمی ڕەزاشا و متمانە پێنەکراو بە هەموو پەیمان و گفتوگۆی حکوومەت لە هەمبەر ئاواتەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی. لە ڕاستیدا لە کۆماری مەهاباد کە دیاردەیەکی زۆر گەورەتر و بەناوبانگتر لە ئازادکردنی شاری بانە بوو دیسان ئەو بەسەرهاتە گوماناوییە بەجۆرێکیتر دووبارە بووەوە.
حەمە ڕەشی خان 178 ڕۆژ لە 330 ڕۆژ عومری کۆماری مەهاباد وەک جەنەڕاڵ و فەرماندەی لقی مەڵبەندی سەقز و بۆکان و سنووری ئەو مەڵبەندە خزمەتێکی شایانی پێشکەش خەڵکی کورد و ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی کردوە. بەڵام لە دوای ئەوەی کە حکوومەتی زاڵمی پەهلەوی لەمەر تین و هێزی کۆمار بەرناێیت وەک هەمیشە ئەکەوێتە فڕوفێڵ، هەر بۆیە قازی موحمەدی نەمر بۆ دانوستاندن لە تاران لەگەڵ شا بانگ ئەکەن و دوای دوو حەفتە ئەگەڕێتەوە مەهاباد و بە قەرار و مەدارێک کە دابوویان پێ و بە داخەوە متمانەی پێیبوو، بەڵام حەمە ڕەشید خان هیچ کات وەک باسمان کرد متمانەی بە گفتوگۆ و قەول و قەراری حکوومەتی زاڵمی ڕەزاشا نەبوو، هەر بۆیە بە داخەوە ئەوەی بە ئامانجی خۆی نەزانی هەر بۆیە دیسان زۆر بە نا بە دڵی لە لووتکەی ژیانی شۆڕشگێرانە، کۆماری مەهابادی بە جێ هێشت، هەر وەک لە کتێبەکەی دوکتۆر ئازاد ئەنوەریشدا ئاماژەی پێکراوە ڕووبەڕوو لەگەڵ قازی محەمەد ئەو بیروبۆچوونانەی ڕاگەیاند کە ئەمانە زاڵمن و دوژمنی کوردان، هیچ کات متمانە پێکراو نین و نەبوون. حەمەرەشیدخان وتی: ئێستا ئێمە لە شۆڕشدا واین لە لووتکە، ئەوان بەم کارە تەنیا ئەیانەوێت کات بکڕن و وزە و توانایی و کەرەستەی شەڕ کۆپکەنەوە. چاک یان خراپ شۆڕشی لەبیرنەکراوەی کۆماری مەهابادی لە نیوەێ ڕێگا بەو بۆچوونە کە باسمان کرد بەجێهێشت؛ هەڵبەت وەک ئێستا کە چاوی لێ ئەکەین دوای 81 ساڵ بۆچوونەکەی حەمەرەشیدخان ڕاست بوو و چەند جارێکی تریش بە داخەوە لە مێژووی سەربەخۆیی کورددا دووپات و چەند پات بۆتەوە.
حەمەرەشیدخان دوای پێکنەهاتن لە گەڵ قازی موحەمەدی نەمر گەڕاوە بۆ زێدەو گوندەکەی خۆی دارۆخان؛ هەر دوای گەڕانەوەی بە قەول و قەراری هەمیشەیی نێوان وڵاتانی ئێران و عێراق حەمە ڕەشید خانیان بۆ ڕۆمادییە و کەرکووک دور خراوە و دوای دە ساڵ ئاوارەگی گەڕاوە بۆ دارۆخان گوندەکەی خۆی، بەڵام قۆناغی سێوەمی ژیانی شۆڕشگێڕانە و سیاسی حەمە ڕەشی خانی بانە ئەم جارە لە وڵاتەکەی خۆی شان بە شانی ملامستەفا بارزانی نەمر دەستی پێ کرد لەوێش هەروا سەرسەخت و بەتوانا و شۆڕشگێڕ بوو.



