پنج‌شنبه 28 آبان 1405

سوریا بە فەرمی زمانی کوردی وەک بابەتی هەڵبژاردەیی لە قوتابخانەکان دادەنێت

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی سوریا بڕیارێكی مێژویی ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ ناساندن و خوێندنی زمانی كوردی وه‌ك بابه‌تێكی هه‌ڵبژارده‌یی (ئاره‌زومه‌ندانه‌) به‌ ڕێژه‌ی دو وانه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا له‌ قوتابخانه‌ حكومی و تایبه‌ته‌كان، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ساڵی خوێندنی 2026-2027ه‌وه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌رسومی ژماره‌ 13ی سه‌رۆكایه‌تیی سوریا (ئه‌حمه‌د شه‌رع) ده‌ركراوه‌، كه‌ تێیدا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ كورد پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی، ڕه‌سه‌ن و دانه‌بڕاوی گه‌لی سوریایه‌ و ناسنامه‌ی كلتوری و زمانیی كوردی به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ فره‌یی و یه‌كپارچه‌یی نیشتمانی.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌، زمانی كوردی وه‌ك زمانێكی نیشتمانی له‌و ناوچانه‌ی چڕیی دانیشتوانی كوردی تێدایه‌ ده‌خوێندرێت، نمره‌ی ئه‌م وانه‌یه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر كۆی گشتیی نمره‌كان بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌رچون یان كه‌وتنی خوێندكار هه‌بێت.

ناوه‌ندی نیشتمانی بۆ په‌ره‌پێدانی پرۆگرامه‌كانی خوێندن ڕاسپێردراوه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا پڕۆگرامی زمانی كوردی بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان ئاماده‌ بكات، هاوكات مامۆستایانی پسپۆڕ له‌ ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی نوسین و زاره‌كی و خولی ڕاهێنانه‌وه‌ بۆ وانه‌وتنه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن.

بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌ و له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌ددا، كورد له‌ سوریا ڕوبه‌ڕوی سیاسه‌تی په‌راوێزخستن، به‌عه‌ره‌بكردن و قه‌ده‌غه‌كردنی توندی زمانی دایك بوه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ قسه‌كردن و نوسین به‌ زمانی كوردی له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمی و قوتابخانه‌كاندا به‌ تاوان داده‌نرا و سزای له‌سه‌ر بو.

دوای ڕوداو و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی سوریا و دروستبونی به‌ڕێوه‌به‌ریی خۆسه‌ر له‌ باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا، پرۆگرامی خوێندن به‌ زمانی كوردی له‌و ناوچانه‌ به‌ شێوه‌ی دیفاكتۆ په‌یڕه‌و كرا، ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی حكومه‌تی دیمه‌شق وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی مێژویی و دانپێدانانێكی فه‌رمی به‌ مافه‌ كلتوری و زمانییه‌كانی كورد داده‌نرێت، هه‌رچه‌نده‌ چاودێران و لایه‌نی كوردی داوا ده‌كه‌ن له‌ قۆناغه‌كانی داهاتودا زمانی كوردی له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان ببێته‌ زمانی سه‌ره‌كیی خوێندن شانبه‌شانی زمانی عه‌ره‌بی.

 

واکنش شما به این پست سه رچاوه:

دیدگاه خود را بنویسید:

Please enter your comment!
Please enter your name here

نوێترین هەواڵەکان