بەری بەیانه ، رووناکه ئاسۆ ؛
ئاسۆی هیوای کورد ، موژدە بێ لە تۆ ..
دەنگی بانگ هەڵسا له مزگەوتی دێ :
باڵدار هێلانەی خەو به جێ دێڵێ .
قاسپە قاسپی کەو ، ئاشکرا ئەڵێ :
کاتی فرمانە ، کورد نابێ بنوێ !
بەری بەیانه ، رووناکه ئاسۆ ؛
ئاسۆی هیوای کورد ، موژدە بێ لە تۆ ..
هەڵسە ئەی لاوی نیشتمانی کورد ؛
سەردەمی هەڵسان ، هەر کەسێ نووست مرد !
پێویستی پیرۆز ، بەڵام سەخت و ورد ،
چاوەڕوانتە ، هەڵسە دەست و برد .
بەری بەیانه ، رووناکه ئاسۆ ؛
ئاسۆی هیوای کورد ، موژدە بێ لە تۆ ..
بۆ بەختیاری و ، سەربەخۆیی گەل ،
لەگەڵ هاوڕێتا ، پەل بدەرە پەل .
کەی دەرچوو ، تیشکی هەتاو لەدەم کەل ،
وریا بی ، زۆر چاک به کاربێنی هەل …
بەری بەیانه ، رووناکه ئاسۆ ؛
ئاسۆی هیوای کورد ، موژدە بێ لە تۆ …
(گــــــــــــــــۆران)



