عەلی مەردان سەردانی زێدی خۆی لە شارباژێڕ دەکات و خولەپیزە دەبینێت
عەلی مەردان: بەزاتی خوا کە وتی خولەپیزەم ، وەختبوو لەهۆشی خۆم بچم.
گەورە مەقام زان و هونەرمەندی گۆرانیبێژ، عەلی مەردان لە بیرەوەرییەکانیدا، بەناوی گەڵای پایز، یەکەمین دیداری خۆی و خولەپیزە ئاوا باس ئەکات:-
لەساڵی ١٩٥٠ هاتم بۆ سلێمانی و چەند ڕۆژێکی خۆش لەلای هونەرمەند ( کاک ڕەشۆڵ) مامەوە، ئەویش زۆری لێکردم کە سەرێک لەو قەوم وکەسانەی کانی ساردی شاربەژێڕ بدەم، تا بزانم لەماڵە باوانم کێ ماوەو کێ دەناسم، چونکە باوکم بەئەسڵ خەڵکی ئەو ناوچەی شارباژێڕەو دواتر لەکەرکوک گیرساوەتەوە.
لەو ڕێیەوە ویستم زیارەتێکی سیتەک بکەم ،چاوم بەزیارەتی پێشەوا شێخ محمودی گەورە ڕۆشنکەمەوە ،جا کە بڕیارمدا خۆم حازربکەم ، شەو ڕەشۆڵ وتی: فڵانی تۆ دەچی بۆ ئەودیو سەریش لەشێخی گەورەو شێخ لەتیفی کوڕی بدەی، بەم چاکەت و پانتۆڵەوە جوان نیە بچیتە ناویان، حەزئەکەم بەپۆشتەو پەرداخ و تفاقی کوردەواریانەوە بیت.
دەبێت دەستێ ڕانکو چۆغەی چاک و بڕنەوێکت بۆ پەیدابکەم، بەیانیەکەی چوینە دوکانی مەجیدی قالەی حەمامچی و گورج لێرە ئەسبابیان بۆ حازرکردم و لەگەراجی حەمەی فەرەجە فەنی سواری پاسی چوارتایان کردم ، ئەوکات جادە بۆسیتەک نەبوو، لەدوو ڕیانەکەی بازەگیرە دابەزیم و بەرەو سیتەک کەوتمەڕێ.
کوردێکی چاپوک وچەکداربووم و لەبەرخۆمەوە ورد ورد ئەڵڵاوەیسیم ئەوت، بێخەم ملی ڕێگاکەم گرتبوو، لەناکاو کابرایەک دەنگی دام :
هۆو چەک بەشان….چەکەکەت دانێ.
وتم: چەکی چی؟
وتی : ئەی ئەو تێڵایەی سەرشانت ناوە چیە؟ ئا وەرە بۆلامان.
هاوارم کرد دەچمە لای شێخ لەتیف،
یەکێکی تر لەو لاوە وتی : جارێ وەرە بۆلامان بزانین تۆ کێیت.
چومە لایان و سڵاوم کرد و بەڕێزەوە سەندیانەوە.
پیرە بڕنەوم فڕێدایە بەرپێیان ، لەمن وابوو ئەمانە پیاوەکانی شێخن.
وتم : من عەلی مەردانم
کەوام وت سەرگەورەکەیان گورج هەستاو دەستی کردە ملم و ئەملاولای ماچ کردم .
وتی: منیش خولە پیزەم
بەزاتی خوا کەوای وت ،وەختبوو لەهۆش خۆم بچم.
کەبینیان شڵەژام ، دڵیاندامەوەو سفرەو نانێکی چاکیان ئامادەکردبوو ، سوێندیاندام کە دەبێ هاوبەشیان بکەم و بوومەهاوبەشیان و کەوتینە قسەی خۆش.
پاشا خولە وتی : مامۆستا تۆ کە ئەم بڕنەوەت هەڵگرتووە،چۆن دەبێ لەڕێ و باندا ئاوا خاوو بێ خەم بەڕێدا بڕۆی؟
منیش وتم: وەڵا من بڕنەو هەڵگر نیم خوا ماڵی ڕەشۆڵ کاولکا ،ئەو ئەم بەڵایەی دابەملما،
پاشان خولە ، گورج دەمانچەکەی لەقەدی کردەوەو وتی: مامۆستا تفەنگ و بڕنەو بەبێ دەمانچە ناشیرینە، فەرموو لەقەدی خۆتی ببەستە، وتم .: مەحمود گیان ،ڕەشۆڵ سەری بەتاشین دام ،تۆش ئاوێنەکەم دەدەیتە دەست ؟!
پیرۆزی خۆت بێت، ڕەخش قابیلی ڕۆستەمە ، وەڵحاسڵ تا دەوروبەری ئاوایی سیتەک ڕەوانەیان کردم وگەڕانەوە.. وتیان چیت دی بۆ شێخی بگێڕەوە…



