بەداخەوە کورد لە بەرە بیانی مێژووەوە بە دەستی بێگانە دوژمنی خۆی بووە
ئەو گەلەی لە مێژوو ئەزمونی بەکەڵک و پەیوەندیدار بە خولیا و ئامانجەکانی وەرنەگەرێت، بێشک لە عاستی مێژوو خۆی دووپات و چەن پات دەکاتەوە. بە ڕا و بۆچوونی ئەمن لەوەی کورد چەندین جار خەریکە مێژووی سیاسی خۆی بێ دەسکەوتی پێکهاتەی دەسەڵات هەر وا دووپات و چەنپات دەکاتەوە، لەڕاستیدا بەفیڕۆدانی کات و نەوەکانی بەدوایە.
کتێبی لەستایشی ژیاندا: ئەزموونی نووسەرێک، کە بریتییە لە بیرەوەریەکانی مامۆستای پایەبەرز، شاعیر و لێکۆلەوەری ئەدەبی خوالێخۆشبوو رەفیق سابیر، کە بەڕای ئەمن یەکێک لە باشترین بیرەوەرییەکانی ئەم سەردەمەیە. بۆچی باشترینیان؟ چونکە ئەم مامۆستایە بۆخۆی لەجەرگەی ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی سەردەمێکی زۆر گرنگی مێژووی باشوری کوردستان بووە، دوەم ئەم بیرەوەریە لە ڕوانگەی نووسەر و شاعیرێکی پایەبەرزەوە گیڕدراوەتەوە. نووسەری ئەم کتێبە بە زمانێکی پاراوو و ساکار باشترین ئەزموونەکانی لەژیانی پێشمەرگایەتی بە بیروبڕواێیکی کۆمونیستی لە ناو حیزبێکی کوردی-عەرەبی بە ناو شیوعی ئەگێڕێتەوە. بەشێکی زۆری ئەزموونەکان و گێڕانەوەکانی سەبارەت بە تێکهەڵچوون و مشتومڕی دڵتەزێنی حیزبەکانی ئەو سەردەمەیە کە جاری وایە ئەو مشتومڕە بەداخەوە خوێناویە. زۆر بەوردی و لێکۆلەوەرانە ئەچێتەناو ڕووداوەکان، هۆی سەرەکی زۆربەی ڕووداوەکان، دەستێوەردانی وەڵاتانی دەوروبەر و نەزانی و نائاگایی سەرکردەکان ئەزانێت. بەڕوانینێکی شاعیرانە و ئەدیبێکی هەست ناسک و ئەبژێکتیوانە هەمو لایەنەکان و هۆکانی شەڕ و پێکدادانی حیزبیەکان بۆ خوێنەر شی ئەکاتەوە. ئەو پێیوایە کوردەکانی مەڵبەندەکانی تر باش وایە ناکۆکییەکانیان لە گەڵ حکوومەتی ناوەندیی جێبەجێ بکەن و باشترە لەوەی ببنە داردەستی وڵاتانی دەوروبەر. هەر ئەوە کە شای ئەوکاتی ئیران حیزبی پارتی وەک داردەستێک بە شێری بەلووعە وێنا کردبوو، خۆی هێماێکەی گاڵتەجاڕانە و سووکایەتیە بۆ ئەو ڕا و بۆچوونە.
بەبڕوای ئەمن باشترین بشی زانستی ئەم بیرەوەریانە هەوڵ و تەقەلای مامۆستا رفیق سابیر بۆ دەرس خوێندن و گەیشتن بە پلەی بانی زانستی لە ناو عیراق و لەدەرەوەی وڵاتە. لە پاڵ ئەو هەمووە چەرمەسەریانەی خوێندن، خەبات و تێکۆشانی لە پێناو ئازادی کوردستان، لە ڕێگەی نوسین و ڕاگەیاندن قۆناغێکی بەهەندی ژیانی سیاسی و ڕامیاری ئەو پیکدێنێت. لە شاخ وەک کەسایەتییەکی کلتووری بە تایبەت شیعر پانتایی شۆڕشی لەباری زانستی و هزری پەرەپێدا و گۆڤاری لە چاپدا. بەشێکی هەرە گرنگی ئەم بەرهەمە ناوازە ئاماژەیێەکێ بنچینەیی بە کاریگەری شیعر لە پەڕگیری شۆڕشی گەلی کورد لە پێنجسەد ساڵی دواییەدا، هەر لە خانی شاعیری نەمرەوە بگرە تا ئەگاتە کەڵە شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس و خۆی رفیق سابیر و عبدالله پەشێو لە پێناو ئازادی گەلی کورد روویداوە. بەمتمانەوە ئەتوانم بڵێم کە تەواوی ژیانی ئەم شاعیر پایەبەرزە بە بۆنەی هەوڵی ڕزگاری و سەربەخۆیی گەلەکەی لە تەنگانە و ئاوەرەگی و هەر بە شاخەوە بووە. ئەگەرچی لە بولگاریا بڕوانامەی ماستەری و دوکتۆرای فەلسەفەی وەرگرت بەڵام ئەویشە هەر دوابەدوای کار و باری حیزبی و لە پێناو فەراوان کردنی پانتای شۆڕش بوو. لەناو ژیانی ئاسایی کە هەر نەیبوو، هەروەها لە جەرگەی شەڕ و لەشاخ لە هەموو بارێکەوە بۆ وڵاتە بێدەسەڵاتەکی شیعری بەگیان و دڵەی پڕناسۆری ئەهۆنیەوە و گۆڤاری ئەدبی لە چاپ ئەدا.
لەشەڕی هەشت ساڵەی ئیران و عیراق بەشێکی زۆری بزوتنەوی ئازادیخوازی کورد لەسەر ستراتیژی داکۆکی لە ئێران لە دژی سەدام ساز کرابوو. بەبڕوای نووسەری ئەم بابەتە هیچ ڕێگایەکی تریان شک نەئەبرد بۆ بەربەرەکانی لەگەل حکوومەتی خوێن خۆری سەدام. هەرئەم بۆچونە ناچاریە بووە هۆی انفالی کوردان و کوشتن و بڕینی زیاتر لە ١٨٠هزار کورد دوای تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق. کوردی عیراق لە خوا داواکاربوو ئیران بەسەر عیراق سەڕ کەوێت. بەڵام نەیانزانی دوای شەڕی هەشت ساڵە نە تەنیا انفال دەکرێن، ماڵ و حاڵیان بە هەزاران گوندوە وێران کرا، تەنانەت تێکڕایش ئاوارەی وڵاتانی ئیران و تورکیا ئەبن. کتێب بەوردی باسی کارەساتەکان و نایەمەتیەکانی کوردی ئەو مەڵبەندە دەکات، بەتایبەت کارەساتی هەلەبجە کە بووە هۆی کوژرانی ٥هزار مروڤی بێ سوچی کورد و ئافراندنی شیعرە بە ناوبانگەکەی کاک رفیق بە ناوی بەتەنیا جێی مەهێڵن… . کاک رفیق لەتاو کاروباری حیزبی وەک تاکێکی شۆڕشگێڕ زۆر کەم باسی ژیانی خۆشەویستی و ئەوینداری کردوە، گرنگیەکی لە ڕادەبەدەری بە خوێندن و کاری ئەدبی داوە، لە هەرکوێ نیشتەجێ بوو، بێڕاوستان دەستی کردوە بە کاری ئەدبی و بەرهەمهێنانی گۆڤاری ئەدبی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی ڕزگاری گەلەکەی. خۆی ئەڵێت هیچ جیگاێیکم نەبوو تیا بسرەوەم، دوای ڕووخانی ڕژیمی سەدام لە ترسی شەڕی ناوخۆ وەک شاعیرێک، پێویستی بە قەراغێکی ئارام بوو، ئیتر شەڕی نائەویست ئەویش شەڕی ناوخۆ، سەری هەڵگرتوو ڕۆیشت بۆ هەندەران بۆ وڵاتی سوئێد. لە وڵاتی سوئێدی هەر زووبەزوو دەستی کرد بە چاپ و بەرهەمهێنانی کۆمەڵە هۆنراوەکانی، دوای لە سالی ١٩٩١ لە تەک هاوڕیانی، گۆڤارێکی بە ناوی “ڕابوون” یان دەر کرد. بە تەواویی واتای وشەی خویندن و نووسین، هەوڵی پەرەپێدان بە زانستی کلتوری و ئەدبی بوو، لە هەر هەلێک کە بۆی هەڵکەوتبایە چ لە شاخ یان لە وڵاتانی ئەوروپایی و دراوسێکانی عیراق گۆڤارێکی بەرهەم ئەهێنا و لە چاپی ئەدا.



